فێستیڤاڵی فیلمی کوردی له له‌نده‌ن، له ساڵی 2001ه‌وه، نوێنه‌رایه‌تیی یه‌که‌مین فێستیڤاڵ بۆ فیلمی کوردی، که جارێک له جاران له دنیادا ساز کرابێت، ده‌کات و دیاره ئه‌مه‌ش له ده‌ستپێکدا به کۆمه‌کی هه‌ندێک له ناوه‌نده کوردییه سه‌ره‌کییه‌کان له له‌نده‌ن ڕێک خرا و له‌نێویاندا مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیریی کوردی له ئۆڤال، ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه‌ی کوردی ــ تورکی (هه‌لکه‌ڤی ــ مالاگه‌ل) له هه‌کنی، ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه‌ی کوردی له هارنگه‌ی و بنکه‌ی په‌نابه‌رانی کورد (کیا) له ڕۆیال بۆڕۆگی کینسینتۆن و جێلسی، له ناوه‌نده سه‌ره‌کییه‌کان بوون. ئامانجی فێستیڤاڵ، که له لایه‌ن گرۆیه‌ک له که‌سانی خۆبه‌خشه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت، کۆمه‌ککردنی به‌ره‌وپێشچوون و گه‌شه‌کردنی سینه‌مای کوردییه. فێستیڤاڵ، به پێشاندانی هه‌ر فیلمێک له لایه‌ن ده‌رهێنه‌رانی کورده‌وه له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێک کرا بێت و هه‌روه‌ها له‌ڕێی پێشاندنی فیلمی درێژ و کورته‌فیلم و فیلمی دۆکیومێنتییه‌وه له‌سه‌ر کورد که به‌رهه‌می ده‌رهێنه‌رانی غه‌یره‌کوردن، ده‌یه‌وێت ببێت به هانده‌ر و بارهێنه‌ری بارودۆخێکی له‌بار بۆ به‌رهه‌مهێنه‌ران و فیلمسازانی کورد و غه‌یره‌کورد که زۆربه‌یان ده‌رهێنه‌رانی گه‌نجن. دیاره ئه‌مه‌ش ده‌بێت به یارمه‌تیده‌ری ده‌رکه‌وتن و خسته‌گه‌ڕی ئه‌و کارانه‌ی له لایه‌ن سینه‌ماسازان و ده‌رهێنه‌رانی کورده‌وه به‌رهه‌مهێنراون یان بینه‌رانی کورد بۆیان بوونه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌کی به‌رهه‌مهێن، بێجگه له‌وه‌ش ڕۆشنایی ده‌خاته سه‌ر ئه‌و کار و ئه‌زموونانه‌ی که نه‌ک به‌ته‌نیا ڕووبه‌ڕووی کورد، به‌ڵکو له‌ڕاستیدا ڕووبه‌ڕووی زۆربه‌ی که‌مایه‌تی و ده‌سته جیاوازه‌کانی په‌نابه‌ران ده‌بنه‌وه و جه‌ختیش له‌سه‌ر گرنگی و کاریگه‌ریی به‌رده‌وامیان له‌سه‌ر هه‌موومان ده‌که‌ن.
فێستیڤاڵه‌کانی فیلم، وه‌ک هه‌ڵگری ده‌ربڕینێکی هونه‌ری و کولتووری، ده‌توانن ببن به هانده‌ری تێگه‌یشتنێکی کو‌لتووریی باشتر و هه‌روه‌ها له‌وه‌شدا که خوڵقێنه‌ری پێوه‌ندی نێوان توێژ و گرۆ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانن، ده‌توانن ببن به یه‌که‌ی میکانیزمی کاریگه‌ر بۆ یارمه‌تیدانی خۆگونجاندنی کۆمه‌ڵانی په‌نابه‌ر له‌نێو ئه‌و کۆمه‌ڵانه‌دا که په‌نابه‌رانیان گرتۆته خۆیان. ئه‌زموونه‌کانی ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ فێستیڤاڵی فیلمی کوردی له له‌نده‌ن جه‌خت له‌سه‌ر دروستیی ئه‌و ڕاستییانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌که‌نه‌وه! فێستیڤاڵی فیلمی کوردی له‌گه‌ڵ ئه‌و ماوه که‌مه‌ی مێژووی خۆیشیدا، بووه به یه‌کێک له‌و فێستیڤاڵه سه‌رکه‌وتووانه‌ی له لایه‌ن که‌مایه‌تییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی تایبه‌ته‌وه له له‌نده‌ن بۆ فیلم ساز ده‌کرێت، هه‌روه‌ها بووه به هانده‌ر و خوڵقێنه‌ری په‌یوه‌ندی و که‌مکردنه‌وه‌ی که‌لێنی نێوان کوردان و ده‌سته و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی تری نێو کۆمه‌ڵ. ئێمه له‌نێوان ساڵانی 2001 و 2006دا سێ فێستیڤاڵی سه‌ره‌کییمان ساز کردووه، که زیاتر له 10000 که‌س له هه‌موو توێژ و ده‌سته و که‌مایه‌تییه‌کان به هه‌موو جیاوازییه‌ک و پاشخانێکی کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌وه به‌شدارییان تێدا کردووه. هه‌ر له‌م ڕێیه‌شه‌وه، سه‌رکه‌وتنه‌کانی ئێمه بوونه‌ته هۆکاری به‌هره‌هێن و هانده‌ر بۆ دیاسپۆرا کوردی له وڵاتانی دیکه و به‌تایبه‌ت وڵاتانی ئه‌وروپا تا فێستیڤاڵی له‌م جۆره‌ی ئێمه، یان ڕۆژانی فیلمپێشاندان له‌و وڵاتانه‌دا که کوردیان تێدا‌یه ساز بکه‌ن و له‌نێو ئه‌و وڵاتانه‌شدا؛ ئه‌ڵمانیا، فره‌نسا، سوید، نه‌رویژ، هۆڵاند، ئیتالیا و سویسرا له ڕیزی پێشه‌وه‌ن.
چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی له له‌نده‌ن له سینه‌مای ڕیۆ له ڕۆژهه‌ڵاتی له‌نده‌ن، له ڕۆژانی 8 تا 14ی دیسه‌مبه‌ری 2006دا ده‌گیرێت.
کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری فێستیڤاڵی فیلمی کوردی له له‌نده‌ن